شوێنمان کەوە لە ئینستاگرام

درووستکردن و بڵاوکردنەوەی پەڕگەی تۆرینت Torrent

 تەکنەلۆژیای BitTorrent تەکنەلۆژیایەکی زۆر بەهێزە بۆ گواستنەوەی پەڕگە لە ئینتەرنێت، بە تایبەت پەڕگەی قەبارە گەورە. 

تەکنەلۆژیای BitTorrent تەکنەلۆژیایەکی زۆر بەهێزە بۆ گواستنەوەی پەڕگە لە ئینتەرنێت، بە تایبەت پەڕگەی قەبارە گەورە. 
تایبەتمەندییەکانی تەکنەلۆژیای ناوبراو زۆر بەربڵاون، بەڵام بۆ زۆرینەمان وەک بەکارهێنەری ئاسایی وەرگرتن یان ناردنی پەڕگەیە بە هاوکاری BitTorrent.

لە ئەم بابەتە چۆنیەتی درووستکردنی پەڕگەیەکی Torrent لەگەڵ ناردنی بۆ کەسانی دیکە ڕوون دەکەمەوە کە کەسانی دیکە بتوانن ئەو پەڕگە دابگرن کە دەتەوێت بەهاوکاری BitTorrent بڵاوی بکەیتەوە.

بە شێوەیەکی گشتیی BitTorrent لە دوو بەش پێکهاتووە، BitTorrent Client و BitTorrent Tracker.

BitTorrent Client مەبەست لە ئەو پرۆگرامەیە کە بەکارهێنەر لە کۆمپیوتەری خۆی دایدەمەزرێنێت بۆ داگرتن و ناردنی پەڕگەی Torrent. 
BitTorrent Tracker بریتییە لە ڕاژەکارێک کە بەکارهێنەرانی BitTorrent Client ـەکانتەکان پێکەوە دەبەستێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن پرۆسەی گواستنەوەی پەڕگە جێبەجێ بکەن، لە هەنگاوەکان و ڕوونکردنەوەی خوارەوە مەبەستی BitTorrent Tracker ڕوونتر دەبێتەوە.

بۆ ئەوەی بتوانین پەڕگە / File بە هاوکای BitTorrent بنێرین بۆ کەسێک/کەسانێکی دیکە پێویستە پەڕگەیەکی تایبەت درووست بکەین کە بە وشەی ڕۆژانە پێی دەگووترێت Torrent File یان تەنیا Torrent و بە کوردی دەڵێین تۆڕێنت. پەڕگەی تۆڕێنت بە شێوەیەکی ئاسایی کۆمەڵێک زانیاریی لە خۆ دەگرێت سەبارەت ئەو پەڕگەی کە تۆی بەکارهێنەر دەتەوێت بڵاوی بکەیتەوە، وەک ناوی پەڕگە، قەبارە و زانیاری دیکەی پەیوەندیدار بە Tracker.

زۆرینەی BitTorrent Client ـەکان لەگەڵ ئەوەی توانای داگرتن و ناردنی پەڕگەی تۆڕێنتیان هەیە، لە هەمان کاتدا دەتوانن پەڕگەی Torrent درووست بکەن، لە ئەم بابەتە پرۆگرامی uTorrent بەکار دەبەین بۆ درووستکردنی پەڕگەی تۆڕێنت و هەروەها بڵاوکردنەوەی.

لە ئەم بەستە دەتوانیت پرۆگرامی uTorrent دابگریت، (ئاگاداربە لە کاتی دامەزراندن چەندین هەڵبژاردەی ڕێکلامیی لەگەڵە، ناچالاکیان بکە و ڕێکلام لە نێو کۆمپیوتەرەکەت دانەمەزرێنیت). 

پاش داگرتن و دامەزراندن، پرۆگرامی ناوبراو بکەوە، ڕوومەتی وەک وێنەی خوارەوە دەبێت (تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە نوێترین وەشانی ئاسایی 3.4.2 و Build 31743 بوو).

وێبچن | ئاسۆ نادری

من (ئاسۆ نادری) بۆ ئەم نموونە سیدی تایبەت بە سیستەمی لینوکسی ئوبونتو بەکار دەبەم و دەمەوێت پەڕەی ISO ی تایبەت بە سیستەمەکە بنێرم بۆ هاوڕێیەک بە بەکاربردنی BitTorrent.

پێش هەموو شتێک پێویستە لە شوێنێک پەڕگەی ناوبراو پاشەکەوت بکەم لە نێو کۆمپیوتەری خۆم، ubuntu-14.04-desktop-amd64.iso لە نێو بوخچەیەک هەیە. ئەو پەڕگە پێویستە لە نێو کۆمپیوتەری خۆت بمێنێت تا کەسی دیکە دایدەگرێت. 
بۆ درووستکردنی پەڕگەی تۆڕێنت لە پرۆگرامی uTorrent کرتە لە File و Create New Torrent بکە. پەنجەرەیەک دەکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی ڕێکخستنەکانی تۆڕێنت، بە پێی خاڵەکانی خوارەوە ڕێکیان بخە.
وێبچن | ئاسۆ نادری

١، Select Source، ئەگەر تەنیا یەک پەڕگە دەنێریت، کرتە لە Add File بکە و پەڕگەکەت هەڵبژێرە. ئەگەر بوخچەیەکت هەیە کە کۆمەڵێک پەڕگەی زۆری لە خۆ گرتووە، کرتە لە Add Directory بکە. 
٢، لە بەشی Tracker ناوی ئەو Tracker/ ـانە دەنووسیت کە دەتەوێت ئاگاداریان بکەیتەوە لەوەی کە تۆ دەتەوێت ئەو پەڕگە بڵاو بکەیتەوە. پرۆگرامی uTorrent بۆ خۆی بەستەری چەند Tracker ـێکی هەیە کە کراوەن و دەتوانیت بەکاری ببەیت. ئەگەر نە دەتوانیت لە گووگڵ بگەڕێت بەدوای Open BitTorrent Trackers.

ڕێکخستنەکانی دیکە پێویتسیان بە گۆڕانکاری نییە.

لە کۆتاییدا کرتە لە دووگمەی Create بکە و تۆڕێنتەکەت درووست بکە، لە نێو هەمان بوخچە پاشەکەوتی بکە کە پەڕگە بنەڕەتیەکەی لە خۆ گرتووە.
وێبچن | ئاسۆ نادری

پاش درووستبوون بە سەرکەوتوویی uTorrent بە سەرکەوتوویی پەڕگەی ناوبراو دەکاتەوە و دەست دەکات بە Seed کردنی.

Seed کردن مەبەست لە ئەوەیە کە uTorrent لە کۆمپیوتەر تۆ پەڕگەی ناوبراو پەخش دەکات بۆ هەر کەسێکی دیکە کە دایدەگرێت، تۆی بەکارهێنەر وەک یەک Seeder دەژمێردرێیت.
وێبچن | ئاسۆ نادری

بۆ ئەوەی کەسانی دیکە/هاوڕێی من بتوانن پەڕگەکەمان لای خۆیان دابگرن، ئەو پەڕگەی تۆڕێنتەیان بۆ دەنێرین کە uTorrent درووست کرد. ubuntu-14.04-desktop-amd64.iso.torrent. (بە ئیمەیل یان هەر شێوازێکی دیکە).

ئەگەر بتەوێت داگرتنەکە کراوە بێت و هەموو کەسێک بتوانێت دایبگرێت، ماڵپەڕ زۆرە بۆ هۆستکردنی پەڕگەکانی تۆڕێنت یان دەتوانیت لە ماڵپەڕی خۆت باریان بکەیت و بەستەرەکانی داگرتنیان بڵاو بکەیتەوە.

هەر کەسێکی دیکە پەڕگەی تۆڕێنتی ناوبراو بە BitTorrent Client ی خۆی بکاتەوە دەتوانێت دایبگرێت.

پێش کۆتایی هێنان بە بابەتەکە، پێناسەیەکی کورت سەبارەت بە Tracker.

BitTorrent Tracker زانیاری ئەو پەڕگانە کۆ دەکاتەوە کە بەکارهێنەران بۆی ئاشکرا دەکەن، ئەو پرۆسەیە پێی دەگوترێت Announcing، واتە تۆی بەکارهێنەر بە فڵان Tracker دەڵێیت کە فڵان پەڕگەت لایە و دەتەوێت بڵاو/پەخشی بکەیت.

کاتێک کەسێکی دیکە بیەوێت ئەو پەڕگە دابگرێت، پەیوەندی بە هەمان Tracker دەکات و Tracker ـیش بە نۆری خۆی پێی دەڵێت کە پەڕگە لای تۆیە و پەیوەستی دەکات بە کۆمپیوتەری تۆ کە پەڕگە بنەڕەتییەکەی لە خۆ گرتووە. 
Tracker بۆ خۆی پەڕگەکەت پاشەکەوت ناکات و گرینگە کە پەڕگەی بنەڕەتیی لە نێو کۆمپیوتەری خۆت بهێلێتەوە بۆ ئەوەی کەسانی دیکە بتوانن بە بەردەوامیی دایبگرن.

تەنیا لە کاتێکدا پێویست ناکات پەڕگەی بنەڕەتیی بهێڵیتەوە، کە کۆمەڵێک کەسانی زۆر پەڕگەکەیان لای خۆیان داگرتبێت و ئەوان بە نۆرەی خۆیان دووبارە بڵاوی بکەنەوە، ئەو کاتە ئەو کەسەی کە دایدەگرێت لە هەموو ئەو سەرچاوانەوە دایدەگرێت و ئەگەر Seeder ـێک نەمێنێت کێشەیەکی ئەوتۆ درووست نابێت.





بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە

فەیس بووكتویتەرگۆگڵ+


خەندەکانشاردنەوە